|
|
 |
گوڵاڵە)هێشتا هەڤدە ساڵ تەمەنی بوو، كاتێك چەندین داخوازیكەر داوایان دەكرد، ئەگەر چی دایكی زۆر بە تاسەوە بوو بۆ بە مێردانی بەڵام باوكی دەیگوت: جارێ كچەكەم منداڵەو هی مێردكردن نییە.. ئەو كە رۆژ بە رۆژ باڵای هەڵیدەداو وەك تازە نەمام گەورە دەبوو بیری لە مێردكردن نەدەكردەوە بۆیە ئەگەر دایكیشی رازی بوو، بەڵام خۆی و باوكی ئەو پڕۆژەیەیان دواخستبوو..(گوڵاڵە) كە دەستە خوشكێكی هەمیشەیی(ئەڤینی)دراوسێیان بوو، چ بەپێی هەڵسەنگاندنی دایك و باوكی و چیش بە قسەكانی (ئەڤین)ی هەمیشە هاودەمییەوە بێ كچێكی روحسووك و گفت و لفت شیرین و راستگۆ و داوێن پاك..(ئەڤین)لە میانی باسكردنی(گوڵاڵە)ی دەستە خوشكی بە ئێمەی گوت: زۆر پێكەوە بووین، خەم و دەردی ئەو هی من و منیش هی ئەو بوو، بە درێژایی پتر لە(10)ساڵ هاوسەرێتی رۆژێك خەوشێكم لە رەفتارو هەڵسوكەوتی ئەو كچە نەدیت.. ئەو لە تەمەنی هەرزەكاری دابوو، كەچی وەك ژنێكی سەنگین و سەلار وابوو، هەمیشە رقی لە رەفتاری نابەجێ و منداڵكارانە بوو... تەمەنێك پێكەوە بووین ئیدی بەڕاستی خۆشەویسترین و پاكترین دەستە خوشكم بوو، بەڵام بەداخم بۆی، كە بێ هودە ژیانی بە فیڕۆ چوو و بن گڵ بوو، بە تایبەتیش كە بەكارەساتێك سەری تیا چوو...
بەر لە گێڕانەوەی خودی كارەساتەكە، توانیم بە هەر رێگەیەك بێت لەگەڵ دایكی(گوڵاڵە) دەمودوویەك بكەین و بەسەرهاتەكەی پێ بگێڕینەوە ئەویش دوای ئەوەی رازی بوو بەشێكی بەسەرهاتی جوانە مەرگ بوونی كچەكەیمان بۆ بگێڕێتەوە، بەمشێوەیە باسی رووداوی سووتانی كچە تاقانەكەی بۆ كردین و گوتی: من(3)كوڕ و ئەو تاقە كچەم هەبوو چونكە هەر لە منداڵیەوە وەك گوڵ جوان و ناسك و خوێن شیرین بوو، بۆیە ناومان نا (گوڵاڵە)، ئەم كچەم تازە پێڕادەگەیشت كە داخوازیكەر یەك لەسەر یەك دەهاتن بۆ داوای بەڵام باوكی رازی نەدەبوو، ئەوەبوو كە تەمەنی گەیشتە نزیكەی بیست ساڵان، قیسمەتی دابوو بیدەینە كوڕێك كە مرۆڤێكی رێك و پێك و چاوو دڵ تێر بوو، ئەو كوڕە كەهاتە خوازبێنی، باوكی دوای دوو مانگ پرس و راكردن بەم و بەو كە بزانێ كارو كاسبیەكەی، كەسێتییەكەی و ناو بانگی چی و چۆنە، كە لە هەمووی دڵنیابوو، زانی كوڕێكی بێ كەم و كوڕی و بێ خەوشە، رازی بوو، پاش ئەوەی(گوڵاڵە)ش رازی بوو شووی پێبكات ئیدی خوا كردیە قیسمەت ، خواستی.
مێردی(گوڵاڵە)كەناوی(زریان)بوو، لە تەنیشت ماڵی باوكی خانوویەكی خۆی هەبوو، بەر لەوەی ژن بهێنێ كڕی بووی و داینابوو تاوەكو ماڵی خۆی بباتە ناوی، ئەوە بوو دوای ئەوەی(گوڵاڵە)ی كچی خواست چوونە ئەم خانووەیان.(گوڵاڵە)جارێ مانگێك بوو گواسترا بۆوە، رۆژێكیان كە بە سەردان هاتەوە لامان، گلەیی ئەوەی لا كردم كە خەسووەكەی زۆر بە بۆڵە بۆڵ و بە كێشەیە، ئەگەر رۆژێ یەك دوو جارێك زیاتر نەیەتە ماڵمان هەموو رۆژێ جارێك هەر دێت، ئینجا كە دێت، جگە لەوەی كە هەمیشە دەڵێ و دەپرسێ، ئەوەت بۆچی كڕیووە، ئەوە چییە هێناوتە، ئەمە چییە لێتناوە، ئیدی نایبڕێتەوە، سەرەڕای ئەمە زۆریش دڵپیس و راڕایە و هەمیشە چاودێریم دەكات..
منیش گوتم كچم لەوانەیە تازە بووك بیت بۆیە وەهایە، لەوانەشە تۆ زۆر هەستیار بیت و شتەكەت گەورە كردبێ، بەڵام گوتی: دایە نەخێر نە هەستیارم و نە گەورەشم كردووە، رۆژێك خۆت وەرە لە ماڵمان بمێنەوە ئینجا دەزانی چ باسە.. لەسەر قسەی ئەو و لە بەر ئەوەی تاقە كچمە و لەبەر پەرۆشیم بۆی، رۆژێك چوومە ماڵی، ئیدی دوای نیو كاتژمێرێك خەسووی هات... تەنیا دوای چەند خولەكێك دانیشتن دەستیكرد بە پرسیارو خۆ تێهەڵقووتاندنەكانی كە نەك كچەكەم بەڵكو منیش پێی قەڵس و هەراسان بووم، ئیدی لەو رۆژەوە تووشی نیگەرانی بووم و لە دڵی خۆمدا گوتم ئەو پیرێژنە شتێك بەسەر كچەكەم دادەهێنێ.. ئەگەر بە خۆشی نەیكات، لە كچەكەم دەشێوێنێ و تووشی بەڵایەكی دەكات...
ئیدی لە ناو فكران راچووم، چۆن ئەم كچە لە تەنگاوكردنەكانی خەسووەكەی رزگار بكەم... ئەوە بوو بە كچەكەم گوت: كچم ماوەیەك دان بە خۆتدا بگرە و ئارام بە، هیچ هەڵەیەك نەكەی و بە هیچ شێوەیەك، چەندیش خەسووت تەنگەتاوی كردی بەرتكی نەدەیتەوە، تا من لە بیری چارەسەرێك دەبم بۆت.
ئەو رۆژەی كارەساتەكە روویدا
پێش ئەوەی هۆی رووداوە كارەساتبارەكە بگێڕینەوە با جارێ بزانین چ كارەساتێك بەسەر گوڵاڵەدا هات.. لەوەندە زانیارییەی كە توانیمان بە دەستی بهێنین و لە سەر و رۆژی رووداوەكە و چۆنییەتی رووداوەكە كۆی بكەینەوە، ئەوەیە كە گوایە كاتێك(گوڵاڵە) ئەو رۆژە لەگەڵ خەسووی دەبێتە دەمەقاڵەیەكیان، بۆ ئیوارەكەی تووشی سووتان دێت و لە گەرماوی ماڵەوەیان دەبێتە قەرەبرووت... با لە دایكی خۆی بپرسین و بزانین ئەو چۆنی دەگێڕێتەوە؟ دایكی گوڵاڵە دەڵێ: ئیوارەیەكی باراناوی و سارد بوو، تازە دنیا تاریك داهات بوو، كە تەلەفۆن بۆ ماڵەوەمان كرا و یەكێك بە تەلەفۆنەكەی ماڵەوە گوتی: خێراكەن بگەنە ماڵی گوڵاڵەی كچتان تووشی رووداوێكی سووتان هاتووە، بەڵكو بەفریای كەون....
ئەوەندە قسەیە بوو كە بە پەلە پروژێ و نیگەرانی و سەر و دڵ شێواوی و رەنگی پەڕیومانەوە، كە خۆشمان نەمانزانی بە چی و چۆن و كەی گەیشتینە ماڵی(گوڵاڵە)، خۆمان گەیاندێ... بەڵام قوڕبەسەر چ ببینم، دڵم تۆقی و دەموو دەس پێش چاوم تاریك داهات و رمبەم لێوەهات و بەربوومەوە، لە هۆش خۆم چووم، ئیتر نەمزانی دواتر چی بووە و چۆن بووە، ئەوەندەم زانی لە نەخۆشخانەم، لەوێ پرسیاری رووداوەكەم كرد گوتیان: گوڵاڵە چووتە گەرماوی ماڵی خەسووی كە خۆی بشوات، ئەوەندەی زانی كاتێك دەرگاكەی پێوە داوە، بێ ئەوەی بە سوورجی لە ژوورەوە دایبخات، پرێمزەكە تەقیوە و ئاگرەكە سووتاندوویەتی، ئەویش لە تەنگەتاویان هەر پەلەقاژەی كردووە و دەرگای ژووری گەرماوەكەی بزر كردووە و پاشانیش نەیزانیووە چۆن بیكاتەوە، ئیدی تیایدا مردووە و دەرگاكەشی هەر بۆنەكراوەتەوە...
حەقیقەتی رووداوەكە چۆن بووە؟
پاش ئەوەی دایكی گوڵاڵە رووداوەكەی بەمشێوەیە گێڕایەوە، ئینجا درێژەی بە قسەكانی خۆی دا و گوتی: نەمزانی كە ئاخۆ رووداوەكە بەڕاستی ئەوها بووە یان نا، لە رۆژانی پرسە لە ناو ژنان ورتە ورتێك بڵاو بۆوە، منیش بانگی یەكێ لە بووكەكانم كرد و پرسیم ئەو پسكە پسكە چییە هەستی پێدەكەم، ئەویش گوتی:
مامۆژن چت لێبشارمەوە، دەنگۆیەك بڵاوبۆتەوە گوایە، لەبەر ئەوەی رۆژێك (گوڵاڵە) و شوبراكەی بەیەكەوە قسەیان كردووە و گوڵاڵە لە ماڵی خەسووی بووە كە یەكێ لە شووبراكانی پێی گوتووە كەی دێیتەوە ماڵی خۆتان خواردنێكم بۆ ساز بكەی، زۆرم حەز لە دەستاوی تۆیە ئەوشی دەڵێ وا دێم خەسووشی گوێی لەم جۆرە قسانە دەبێت ، بە یەكێ لە كوڕەكانی دەڵێ(گوڵاڵە) و براكەت( ناوی دەهێنێ) پەیوەندیان هەیە، و دیارە لە ماڵی خۆشیان ژووان دادەنێن، ئەگەر نا شوبراو براژن چۆن وەها لەگەڵ یەك قسە دەكەن و تەبا دەبن؟ ئیدی گوایە كوڕەكەی دەڵێ چ بكەین، خەسووی بەو كوڕەی دەڵێ: لێبگەڕێ ئەمن بە خۆم تەگبیری لێدەكەم، ، پاش چەند هەفتەیەك رۆژێك بە كوڕەكەی دەڵێ ئەوڕۆ پرێمزی گەرماو هەڵدەكەم و بە(گوڵاڵە)ش دەڵێم وەرە لە ماڵی خۆمان خۆت بشۆ، كە چووە ژوورەوە تۆش دەبەیك نەوتی پێدا بكە ودوور بە دووری نەوت بە پرێمزەكەش دابكەو بۆ ئەوەی گڵپە بكاو بتەقێ، هەتا چاك دەسووتێ ئینجا دەیكەمە قیژە و لە خۆدان و هەڵڵا، تا خەڵك بێت ئاگرەكە بكوژێننەوە، بەو جۆرە لە كۆڵمان دەبێتەوە و كەسیش نازانێ مەسەلە چییە...
دایكی(گوڵاڵە) لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: لە راستیدا باوەڕم بەم قسانە نەكرد، بەڵكو بە قسەی ناو ژنانم دەزانی، ئەگەر نا خەسوو چەندیش خراپ بێت تاوانی وەها قەت ناكات، بۆیە زۆرم دان بە خۆدا گرت و بە بووكەكەشم گوت: كچم بڕوا بەو جۆرە قسانە مەكە، قسەیە و ژنان بۆخۆیان دەیكەن، راستە خەسووەكەی زۆر خراپ بووە لەگەڵی بەڵام ناشتوانێ تاوانی وەها بكات كە سووڕیش دەزانی(گوڵاڵە) لە گوڵ پاكترە...
دوا قسە
لە راستیدا كارەساتی سووتانی(گوڵاڵە)، خۆی لە خۆیدا تراژیدییایەكی ویژدان هەژێن و دڵتەزێنە، بەڵام لەوە دڵتەزێن تر ئەوەیە كە كەس نەیزانی چۆن و بۆچی وەها بەو شێوەیە سەختە سووتاو بووە قەرەبرووت، ئەگەر چی ئەگەری ئەوە هەیە كە خەسووەكەی پیلانی لێگدابێ، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە، كە خۆی بە قەزاو قەدەر، بە تەقینی پرێمزەكە سووتا بێت، لە نێو كێشمەكێشمی هەموو ئەم ئەگەرانە مرۆڤێك بە كارەساتێكی دڵتەزێنی نادیار دەسووتێ... بە بڕوای ئێمە دەبوو هەر چۆنێك بایە هەواڵ بدرابایە پۆلیس و تەرمەكەی بگەیەندرایە نەخۆشخانە.
بەڵام لەبەر ئەوەی كە ماڵی گوڵاڵە(ئەگەرچی باری دارایشیان باش بووە) لە گەڕەكێكی میللی دابوونە خەڵكانی ئەو جۆرە شوێنانەش زۆر بڕوایان بە نەخۆشخانە و پۆلیس و یاسا و دادگا و ئەو شتانەوە نییە، بۆیە نە تەرمەكەیان برۆدتە نەخۆشخانە، نە ئاگاداری پۆلیسیان كرۆدتەوە كە سووتاوە و مردووە، یەكسەر كفن و دەفنیان كردووە و شاردوویانەتەوە و تازییەیان بۆ داناوە، بۆیە تا ئێستاش كەس تۆمەتبار نەكراو لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە نەكرا، چۆن روویدا هەرواش كۆتایی پێهات و كەسیش، نە خزمانی(گوڵاڵە) و نە مێردی و نە كەسانی نەیانكردە كێشە |
|
 |
|
|
|
|
دهنگ بده بهم ماڵپهره |
|
www.sarchil.page.tl
www.peywand.page.tl
|
|
|
 |
|
|
|
|