ژنێك دوو منداڵی له شووبراكه‌ی ده‌بێت‌و خۆی ده‌سووتێنێت، پاشتر دادوه‌ر به‌تۆمه‌تی خیانه‌تی زه‌وجی دۆسییه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه‌و پاش ده‌رچوونی له‌نه‌خۆشخانه، بێ ئه‌وه‌ی پۆلیس ئیفاده‌ی لێوه‌ربگرێت،
ده‌مرێت‌و به‌بێ توێكاریكردنی جه‌سته‌كه‌شی، ئه‌سپه‌رده‌ی خاك ده‌كرێت

له‌ژماره (110)ی ئاوێنه‌دا، دیداری ژنێك بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه ناوی هه‌ورینه‌و به‌دانپێدانانی خۆی، له
شووبراكه‌ی دوو مناڵی هه‌بووه‌و دواتر پاش ئاشكرابوونی، خۆی سووتاندووه‌و براوه‌ته نه‌خۆشخانه. دوای شه‌ست‌و یه‌ك رۆژیش له‌چاره‌سه‌ركردن، هه‌ورین له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئێمرجنسی هه‌ولێر راده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كۆیه كراوه‌ته‌وه‌و، ته‌نها دوای چوار رۆژ مانه‌وه، له زیندانی كۆیه، دواجار به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئیفاده‌یه‌كی له پۆلیسی كۆیه لێوه‌ربگیرێت، گیانی له‌ده‌ستدا.
به‌پێی راپۆرتێكی پزیشكی، هه‌ورین به‌هۆی وه‌ستانی هه‌ردوو گورچیله‌ی‌و ژه‌هراوی بوونی خوێنه‌كه‌یه‌وه، گیانی له ده‌ستداوه. دكتۆرێكی پسپۆڕیش ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "پێویست بوو ته‌شریحی بۆ بكرێت"، چونكه مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به پۆلیس‌و زیندانه‌وه هه‌یه، ئه‌م دكتۆره كه نه‌یویست ناوه‌كه‌ی بڵاوبكرێته‌وه، زیاتر روونیكرده‌وه‌و وتی "له‌حاڵه‌تی ئاوادا، ته‌نها به ته‌شریح ده‌توانی هۆكاری مردنه‌كه‌ی به سه‌دا سه‌د وه‌ربگریت".
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆیه، عه‌قید ره‌شاد ره‌فیق مسته‌فا، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه (هه‌ورین) له 4/4 به ته‌ندروستییه‌كی زۆر خراپ ته‌سلیمی كۆیه كراوه‌ته‌وه. جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، هه‌ر ئه‌و باره خراپه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت ئیفاده‌ی لێوه‌ربگیرێت، ده‌ڵێت "سوتانه‌كه‌ی رزاندبوویه‌وه‌و نوزه‌ی نه‌ده‌هات‌و بۆنێكی ناخۆشی لێده‌هات. ئه‌و ژنه‌ی كه له‌گه‌ڵی له‌زیندان بوو، ئێستاش ناوێرێت بچێته ژووره‌كه‌ی". هه‌روه‌ك وتیشی "ئه‌گه‌ر هه‌رشتێك له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه كرابێت، له هه‌ولێر له‌گه‌ڵی كراوه، چونكه لێره هیچ كه‌سێك نه‌هاتۆته سه‌ردانی".
به‌ڵام هاوڕێ عه‌بدولحه‌مید كه یه‌كێكه له‌و دوو پۆلیسه‌ی كه بۆ یه‌كه‌مجار (هه‌ورین)یان له نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر وه‌رگرتۆته‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌ورین به پای خۆی سواری ئۆتۆمبێل بووه‌و له ڕێگا داوای خواردنی كردووه‌و ته‌ندروستی زۆر باش بووه "هه‌ورین وتی با كه‌مێَك به پێ بڕۆم، بۆ له‌شم باشه".
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له نه‌خۆشخانه‌ی ئێمرجنسی، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ورین، رێژه‌ی سوتانه‌كه‌ی 29% بووه‌و ترسی مردنی نه‌بووه. هۆكاری ته‌سلیم كردنه‌وه‌كه‌شی ئه‌وه بووه، كه به‌ره‌و چاكبوونه‌وه رۆشتووه. وتیشی "له‌ئێمرجنسی نه‌شته‌رگه‌ری ته‌لقیع جلدی بۆكراوه، هه‌ركه‌سێك له سوتان ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ی بۆ بكرێت، كه‌واته ته‌ندروستی له‌و په‌ڕی باشیدایه، چونكه نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی بریتی بووه له لێكردنه‌وه‌ی پێست‌و دانانه‌وه‌ی له‌و شوێنانه‌ی كه چاڵی تێكه‌وتووه، ته‌نانه‌ت چاره‌سه‌ری ده‌روونیشی بۆ كراوه، چونكه باری ده‌روونی باش نه‌بووه".
سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێمرجنسی، قسه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆیه ره‌تده‌كاته‌وه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌ورین له 4/4 جگه له‌وه‌ی ته‌ندروستی زۆر باشبووه، داواشی لێكراوه هه‌ر سێ رۆژ جارێك سه‌ردانی ئێمرجنسی بكاته‌وه بۆ چاره‌سه‌ری سروشتی، به‌ڵام دوای سێ رۆژو له 7/4 كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و شان‌و ملی برینی پێوه دیارده‌بێت.
به‌پێی نوسراوه‌كانی ناو فایله‌كه‌ی هه‌ورین، له‌نه‌خۆشخانه، ئاماژه به‌وه كراوه كه له 7/4 كاتێك كه پۆلیس بۆ نه‌خۆشخانه‌یان گه‌ڕاندۆته‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كۆیه، داوای كردووه كه نه‌خۆشه‌كه بمێنێته‌وه "چونكه ئه‌م هاتووچۆیه زه‌حمه‌ته"، به‌ڵام ته‌نها شه‌وێك ده‌مێنێته‌وه‌و به‌یانییه‌كه‌ی دكتۆرێك له ئێمرجنسی به پۆلیسه‌كاندا ده‌ینێرێته‌وه "چونكه حاڵه‌تی باشه" (ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌پێی نوسراوه‌كانی ناو فایله‌كه). هه‌روه‌ها باس له‌وه‌شكراوه ئه‌وكاته‌ی كه جارێكی تر ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ كۆیه، دوای یه‌ك كاتژمێر گیانی له ده‌ستده‌دات.
به‌پێی دیمانه‌ی ئاوێنه له‌گه‌ڵ هه‌ورین‌و به‌پێی زانیارییه‌كانی نێو دۆسییه‌كه‌ی، كاتێك هه‌ورین، لای مێرده‌كه‌ی دانبه‌وه‌دا ده‌نێت كه هه‌ردوو مناڵه‌كه‌ی له شوبراكه‌یه‌تی، یه‌كسه‌ر به هۆی نه‌وتی سۆپاوه خۆی سووتاندووه. بۆیه له كه‌یسی ناوبراو، دادوه‌ر به تۆمه‌تی (خیانه‌تی زه‌وجی) به ماده‌ی 377 بڕیاری ده‌سگیركردنی هه‌ورینی ده‌ركردووه.
به‌ڕێوبه‌ری به‌دواداچونی توندوتیژی دژ به ئافره‌تان له دیوانی وه‌زاره‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری ناوخۆ، ئاری ره‌فیق، له لێدوانێكیدا بۆ ئاوێنه، روونیكرده‌وه كه كه‌یسی هه‌ورین، به شێوه‌یه‌كی یاسایی راده‌ستی پۆلیسی كۆیه كراوه‌ته‌وه، چونكه دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆیه به ره‌سمی داوای له دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر كردووه كه ناوبراو ته‌سلیم به كۆیه بكرێته‌وه. ئاری ره‌فیق، له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه نه‌خۆشخانه‌ی ئێمرجنسی، ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تی ته‌ندروستی نه‌خۆش ته‌واو دڵنیانه‌بن، كه شایه‌نی چوونه ده‌ره‌وه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خۆش ته‌سلیم ناكه‌ن، وتیشی "دڵنیام كه رۆشتووه ته‌ندروستی زۆر باشبووه، به‌ڵام چۆن دوای چوار رۆژ له زیندانی كۆیه گیانی له ده‌ستداوه، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نیه".
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆیه‌ش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، ئاماژه به‌و راپۆرته پزیشكیه ده‌كات كه له‌سه‌ر مردنی هه‌ورین، نوسراوه، وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش وه‌سفی ده‌كات‌و ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر هه‌ر گومانێك له كوشتنی هه‌یه، با حكومه‌ت بڕیاری هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌ی بدات‌و پشكنینی بۆ بكرێته‌وه. هه‌ر ژه‌هرێكیشی ده‌رخوارد درا بێت، ئه‌وا له كۆیه نه‌بووه، چونكه لای ئێمه هیچ كه‌س نه‌هاتۆته لای".
شایانی باسه، هه‌ورین، له‌دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئاوێنه‌دا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه شووبراكه‌ی ده‌مانچه‌ی خستۆته سه‌ری‌و ته‌عه‌دای جنسی لێكردووه. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ئاوێنه‌ش، هه‌تاكو ئێستا پیاوه‌كه ده‌ستگیر نه‌كراوه.
تێبینی: له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و یاسایی، ناوی ئه‌م ژنه به‌خوازراو دانراوه‌و ناوی راسته‌قینه‌ی پارێزراوه
|