|
|
 |
نووسینی: ئاروین چیره
وه‌رگێڕانه‌وه له زمانی سوێدییه‌وه: گزینگ
ئه‌مرۆ هیچ شتیک نه‌ماوه‌ته‌وه، جگه له بۆشایی و پووچێتی. به‌ڵام ئه‌و پووچییه‌ته‌ش خۆی شتێکه هه‌ر هه‌یه. ئه‌وه پارادۆکسێکه هه‌روه‌ک ئه‌وه‌یکه باسی بۆشایی بکه‌ی. حاهوو، له دوایین کاته‌کانی ژیانیشیدا نه‌یده‌توانی شته‌کان لێکنه‌داته‌وه و سه‌ره‌وژووریان نه‌کا.
پێتر مرۆیه‌کی سه‌رکه‌وتوو بوو. ئه‌و هه‌میشه کابرایه‌کی زیره‌ک بوو و زۆر شتی له خه‌ڵکی دیکه باشتر ده‌زانی. دوای ئه‌وه‌یکه ده‌وره‌ی مه‌دره‌سه‌ی به نمره‌یه‌کی باش خوێند و ڕشته‌ی شه‌ریکه‌ی ئابووری ته‌واو کرد، له دوایین ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی 90 دا توانی له ناو زانیارییه داتاییه‌کاندا پێشوه‌چوونێکی به‌رچاو به‌ده‌ستبهێنێ. ئه‌مه، ئه‌وی زۆر دارا و ده‌وڵه‌مه‌ند کرد. ئابووریزانان وریاییان ده‌دا که ئه‌و لکه ئابوورییه له‌وانه‌یه وه‌ک بڵقی سه‌رئاو بته‌قێ و له بره‌و بکه‌وێ. پێتر گاڵته‌ی به‌و قسانه ده‌هات. چونکه ئه‌و له‌وباره‌وه له هه‌مووان باشتر بوو.
ئه‌م خۆبه‌زلزانینه له‌مپه‌رێک نه‌بوو بۆ پێشوه‌چوونه‌که‌ی. ئه‌و هیچ شتیکی له ژیاندا که‌م نه‌بوو، به‌تایبه‌تی ژیانێکی خۆشی له گه‌ڵ ژنه جوانه‌که‌یدا سارا هه‌بوو. هه‌رچی مرۆڤ ئاره‌زووی کردبا هه‌یبوو. له‌وه‌ش زیاتر، ژنه‌که‌ی کابانێکی زۆر کارامه بوو، کاروباری ماڵه‌وه‌ی زۆر چاک به‌ڕێوه‌ده‌برد، له هه‌مووی گرینگتر، له بواری سێکسیشه‌وه هه‌ر مه‌پرسه. ئه‌وان منداڵیان نه‌بوو که ئه‌وه‌ش خۆی غه‌نیمه‌تێک بوو. پێتر ڕقی له منداڵ بوو، وه‌ک چۆن ڕقی له هه‌ژاران بوو که به زه‌کات (ماڵیات)ی وی به‌رێده‌چوون. ئه‌و پێوه‌ندییه‌کی وای له ته‌ک خزمه‌کانی نه‌بوو، له‌به‌روه‌ی ئه‌و خۆی له‌وان به زێتر ده‌زانی. له سه‌رئه‌وحاڵه‌شرا، پێتر زۆر دۆستی باش و جێی متمانه‌ی هه‌بوو که پشتیان پێ ببه‌ستێت. کێ هه‌بوو بتوانێ بڵێ ئه‌م له‌خۆباییبوونه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌کی بۆ دێنێته‌پێش؟ ئاخر ئه‌و له ناو کۆڕوکۆمه‌ڵی ده‌وروبه‌ردا کابرایه‌کی زۆر له‌سه‌ردڵان بوو.
به بۆنه‌ی جێژنی 40 ساڵه‌ی، چه‌ند ساڵ دوای ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی، ده‌گه‌ڵ سارا بۆ پشوودان و حه‌سانه‌وه ده‌چێته سه‌فه‌ر. ئه‌و شوێنێکی په‌نا و به‌لاوه ده‌ستنیشانده‌کا که ده‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌که‌ی کاتێکی خۆش رابوێرێ. ئه‌وه‌یکه دوای ئه‌و سه‌فه‌ره چی ڕوویدا جێگه‌ی باسکردن نییه. به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه له سه‌فه‌ردا، ئاگاداری ئه‌و کاره‌ساته بوون که ژیانی ئه‌وانی بۆ هه‌میشه گۆڕی.
قسه‌ی ئابووریزانه‌کان وه‌ڕاست گه‌ڕابوو. ئاخری بڵقی ئه‌و زانیارییه داتاییانه ته‌قییه‌وه و هه‌ر ئه‌وکاتی پێتر له سه‌فه‌ردا بوو، ته‌پڵی نابووتی لێدابوو. شه‌ریکه‌ی ئه‌ویش، وه‌ک هی زۆری تر تێداچوو، هیچ شتێکی له ده‌ستدا نه‌مابۆوه، ته‌نانه‌ت خانووبه‌ره‌که‌شی. ئه‌وه بۆ پێتر قه‌یرانێکی دڵته‌زێن بوو. خۆ ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌که، هه‌ر به‌مه کۆتایی پێهاتبا باش بوو... له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه بوو که ده‌رکه‌وت هه‌موو خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری ئه‌ویان بۆ پاره و ماڵی دنیایه ده‌ویست. هه‌ر بۆ چه‌ند حه‌فته دوای ئه‌و ڕووداوه سارای ژنی ون بوو، که‌سێک که هه‌رگیز نایبینێته‌وه. وه دۆسته هه‌ره نزیکه‌کانیشی، ئیتر پشتیان تێکرد و پێوه‌ندییان له‌ته‌ک پچڕاند. ئه‌وه‌ی پێتر مابوویه‌وه ته‌نیا بێوه‌فایی و خه‌یانه‌ت بوو، نه پاره، نه دۆست، وه نه هیوایه‌ک. پێتر ده‌بوو تۆڵه بستێنێته‌وه. له‌وه زیاتر نه‌یده‌توانی بیر له شتێکی تر بکاته‌وه.
پێتر بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک به پاره‌ی سۆسیال ده‌ژیا، به‌ڵام بۆ وی زۆر به گران ده‌که‌وت. چونکه ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی به پاره‌ی سۆسیال ده‌ژیان به سووکی سه‌یری ده‌کردن. ئێستا ئیتر ڕقی له خۆی ده‌بۆوه. نه‌یده‌توانی تابوشت بهێنێ. ئه‌و له هه‌موو شوێنێک خه‌ڵکی خۆشبه‌ختی ده‌دی که پێکه‌وه ده‌گه‌ڕێن، نه‌دار وه‌ک دارا. ئه‌و ده‌یدی که خه‌ڵک گاڵته ده‌که‌ن، پێده‌که‌نن و خۆشی راده‌بوێرن. ماوه‌یه‌کی زۆر ئه‌و نه‌هامه‌تییه له سه‌ر شانی وی قورسایی هه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت له دواییدا بۆی ده‌رکه‌وت که بۆ خۆی چ جانه‌وه‌رێک بووه. چۆن توانیویه ئاوا چاوچنۆک و بیرته‌سک بێ؟، بۆچی پێی وابووه ئه‌و له هه‌موو که‌س باشتر بووه؟ بۆچی گوێی به قسه‌ی ئه‌و ئابووریزانانه نه‌بزووتووه؟ له خۆڕانه‌بوو هه‌موو به‌جێیان هێشت، که چه‌نده ئه‌حمه‌ق و نه‌فام بووه. ئه‌گه‌رچی ته‌می بێزاریی له دژی خه‌یانه‌تکاران به‌ری چاوی گرتبوو، به‌ڵام به‌وه گه‌یشت که ژیانی پێشووی به‌راستی ته‌نیا ژیانێکی درۆیین بووه. ئه‌و، ئێستا تێده‌گا که ژیان له پاره و پله‌وپایه زۆر زیاتر هه‌ڵده‌گرێ.
ئه‌و بیر و خه‌یاڵانه بوو که چاره‌نووسی پێتری ده‌نووسی. ئه‌و، هه‌ڵبه‌تا به‌مه گه‌یشتبوو که ناچاره خۆی ساخ بکاته‌وه. یا به‌ڕاستی ده‌بوایه وه‌ک ئینسانێکی نوێ، ژیانێکی تازه ده‌ستپێبکاته‌وه، یان ده‌بوایه سووک و هاسان کۆتایی به ژیانی بێنێ، له هه‌موو نیگه‌رانییه‌ک و چه‌رمه‌سه‌رییه‌ک خۆی قوتار بکا. پێتر ئه‌وه‌ی دوایی هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌و بڕیار ده‌دا ئه‌و دنیایه به‌جێبهێڵێ، دنیایه‌ک که پڕه له ئینسانی هۆقه‌باز و فریوده‌ر که هه‌ر به دوای سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵاتن. بیری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی وه‌لانابوو، بڕیاری دا له دۆستانی پێشووی خۆی خۆش بێ.
له ناو گه‌راجه‌که‌دا بوو که پێتر وه‌ک که‌سێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که ئاخرین چرکه‌ساتی ژیانی تێپه‌ڕده‌کرد، خۆی بۆ سێداره(هه‌ڵواسین) ئاماده‌کردبوو. له په‌نجه‌ره‌ی ژێرزه‌مینه‌که‌یه‌وه هه‌وه‌ڵین گزینگی خۆره‌تاوی به‌هاریی که باغچه‌ی له ئامێز گرتبوو ده‌بینرا. ئه‌وه رۆژێکی جوان بوو بۆ خۆ کوشتن.
پێتر زۆر به‌وردی په‌ته‌که‌ی له کاریته‌ی بنمیچی خانووه‌که ده‌به‌ستێ. قه‌فێکی گه‌وره و باش له په‌ته‌که دروستده‌کا و به‌متمانه‌وه تاقیده‌کاته‌وه. ته‌قریبه‌ن وه‌ک گه‌نجێک که بۆ هه‌وه‌ڵین جار خۆی فێری به‌ستنی گرێی کراوات بکا. په‌ته‌که ئه‌وه‌نده ڕژد و زوور بوو که وه به‌ده‌نی ده‌که‌وت پیستی نه‌رم و ناسکی ده‌زوورانده‌وه. پێتر له سه‌ر چوارپایه‌که دێته‌خوار و کورتی و درێژیی ته‌نافه‌که چاولێده‌کا. کاتێک کورسییه‌که وه‌لابندرێ، ئه‌شێ مه‌وادایه‌کی وه‌ها هه‌بێ که ئه‌و نه‌توانێ قاچی بخاته‌وه سه‌ر عه‌ردی. هه‌ڵبه‌تا ئه‌وه‌شی هه‌ر بۆ ئه‌وه بوو که به‌ڕاستی ده‌یه‌ویست خۆی بکوژێ. به‌ڵام کاتێک هه‌ستی درێژه‌دان به ژیان به سه‌ر مرۆڤدا زاڵ بێ، هه‌رگیز که‌س نازانێ چی ڕووده‌دا.
وه‌ختایه‌ک هه‌موو شت جێ به جێ بوو، پێتر ده‌چێته سه‌رچوارپایه‌که، قه‌فی ته‌نافه‌که‌ی ده ئه‌ستۆی خۆی ده‌خا و خۆی ئاماده‌ده‌کا ئه‌و تاقه ژیانه‌ی که هه‌موو هه‌ستی پێده‌که‌ین به‌ختی بکا. چۆنیه‌تی به‌ستنی قه‌فی ته‌نافه‌که دیسان به‌تاقیده‌کاته‌وه، له سه‌ر په‌نجه‌ی پێ ڕاده‌وه‌ستێ و به قاچی راستی چوارپایه‌که له ژێر پێی ده‌ترازێنێ. دیاره ئه‌ستۆی پێتر ده‌ستاوله‌جێ نه‌شکا که خۆی فکری لیکردبۆوه، به‌رچاویی ڕه‌ش هه‌ڵنه‌گه‌ڕا، وه هێچ رووناکاییه‌کی سپیش ده‌رنه‌که‌وت. له جیاتی ئه‌وه، په‌ته‌که ئه‌ستۆی بڕی و ئێشێکی ئازارده‌ر له ملی شینهه‌ڵگه‌ڕاوی ئێستای چزایه ته‌واوی ئازای به‌ده‌نی. ئا له‌م دوا نیوچرکه نامتمانه‌یه‌دا به‌رله‌وه‌ی بێهۆشیی ڕووی تێبکا، پێتر بێهووده هه‌وڵیدا که پێی بگاته‌وه سه‌ر چوارپایه‌که. به‌ڵام ئه‌و له‌پێشدا حیسابی ئه‌وه‌ی کردبوو که پێی نه‌گاته‌وه هیچ شوێنێک. پێتر له‌و شوێنه‌ی هه‌ڵواسرابوو دوایین په‌له‌قاژه‌ی خۆی کرد...
پێتر هه‌رگیز تۆڵه‌ی نه‌سه‌نده‌وه. به‌م شێوه‌یه ئه‌و له ته‌واوی ئه‌و ئینسانه گه‌مژه و بێعه‌قڵانه‌ی که له جیهانی ئێمه‌دا ده‌ژین خۆی جیاکرده‌وه.
پێتر ده‌یزانی که هیچ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ک وه‌له‌و ته‌واو و کامڵیش بێ، جێگه‌ی لێخۆشبوو‌ن ناگرێته‌وه.
سه‌رنج: ئه‌و کورته‌چیرۆکه، له پێشبڕکێی ئه‌و مه‌دره‌سه‌یه‌ی که قوتابی لاو (ئاروین چیره) ده‌رسی تیدا ده‌خوێنێ، خه‌ڵاتی یه‌که‌می وه‌رگرتووه، |
|
 |
|
|
|
|
ده‌نگ بده به‌م ماڵپه‌ره |
|
www.sarchil.page.tl
www.peywand.page.tl
|
|
|
 |
|
|
|
|