|
|
 |
لەقۆناغی دووی پەیمانگای مامۆستایان بووم، بارودۆخی ژیانمان لەرووی مادیەوە تاڕادەیەك باش بوو. خێزانێكی تەواو بەختەوەر بووین هیچ كێشەو گرفتێكمان نەبوو، بیرم نایەت شەڕێكی گەورە لەماڵماندا روویدابێت. ناخۆشی ماڵی ئێمە لەو كاتەوە دەستی پێكرد كە باوكم هاوڕێیەتی چەند كەسێكی خراپی دەكرد و هانیان دەدا كە مەشروب بخواتەوە،چونكە باوكم هاوڕێیەتی ئەو جۆرە كەسانەی دەكرد بۆیە ئەوان كاریگەرییان لەسەر باوكم دروست كردوو و باكم دەستی كرد بە مەی خواردنەوە، ئیتر باوكم بوو بە مەشروب خۆرێكی بێ وێنە، نزیكەی (10) ساڵ مەشروباتی دەخواردەوە دواتر فێری قوماركردنیش بوو. لەكاتی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بوو كە رۆژێكیان باوكم و دایكم بەشەڕ هاتنەوە بۆ ماڵەوە و یەكسەر چونە ژوورەكەی خۆیان و دەرگایان لەسەر خۆیان داخست، هەرچەندە بانگمان كردن بێ سوود بوو دەرگاكەیان نەكردەوە، بەراستی پاش دوو- سێ ساڵ ئینجا زانیم كە شەڕەكەیان لەسەر چی بووە؟
باوكم فەرمانبەربوو لەیەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكان و دایكیشم مامۆستای سەرەتاییە، دایكم بەهۆی باوكیەوە میراتێكی زۆری بۆ مایەوە، باوكیشم تموحێكی زۆری لەم میراتەدا هەبوو دایكم ئەو میراتەی كە بۆی مابۆوە بە تەواوی تەسلیم بە براكەی كرد تا كاری پێوە بكات چونكە دەیزانی كە باوكم لەرێگەی قومار و مەشروب خواردنەوە هەمووی دەدۆڕێنێت، شەڕی دایكم و باوكم لەسەر ئەو مەسەلەیە بوو.
شەو نەبوو باوكم پێش كاتژمێر (12)ی شەو بێتەوە بۆ ماڵەوە هەمیشە لەدوای ئەو كاتژمێرە دەهاتەوە، شەو هەبووە دەفتەرێكی دۆڕاندووە یان دووی بردۆتەوە، لەرێگەی
هاوڕێكانیەوە فێری ئەم كارە ببوو و وازیشی لێ نەهێنا تا تەواوی خێزانەكەمانی لەناوبرد.
ئەو شەوەی بووە هۆی سەرچاوەی كێشەكان
باوكم لەدانیشتنی شەوێكیدا سێ دەفتەری دۆڕاندبوو هیچ چارەیەكی نەمابوو بۆئەوەی ئەو پارەیە بدات وایلێهات بوو كە پەنا بۆ دایكم بەرێت هەم لەرووی پارەوە هەم لەرووی جەستەوە، باوكم بەلایەوە ئاسایی بوو هەموومان بۆ لەزەتی خۆی بەكەمترین نرخ بفرۆشێت!!!.
هەر ئەو شەوە كەهاتە ماڵەوە تەواو توڕە بوو لەهەمانكاتدا ئەوەندەشی خواردبۆوە ئاگای لەخۆی نەمابوو بە شەق كەوتە لێدانی دەرگای دەرەوە بەو شەوە درەنگە زۆربەی دراوسێكانمان بەو دەنگە دەنگەی باوكم بەخەبەر هاتن بەڵام كەس نەیوێرا تەنها بشپرسێت كە چی بووە هەموویان باوكمیان دەناسی كەچ پیاوێكە، ئەوەی پێی بوترێت شەخسیەت لەباوكمدا نەمابوو.
كاتێك كە (هیوا)ی برام چوو دەرگاكەی لێبكاتەوە باوكم خۆی بە پاڵ دەرگاكەی كردەوە و كەوت بە دەمدا و براكەم هەڵیگرتەوە و هێنایە ژوورەوە، پاش ماوەیەك بە ئاگا هاتەوەو دەستی كرد بە جنێودان بە دایكم و كەسوكاری دایكم، ئەو شەوە هەتا بەیانی بەو حاڵە رۆژمان كردەوە بۆ بەیانی باوكم بە (هیوا)ی برامی گوت كە سێ دەفتەری بۆ قەرز بكات ئەگەرنا لەماڵەوە دەرمان دەكات بەراستی ئێمەش نەماندەزانی چی بكەین و چۆن سێ دەفتەر پەیدا بكەین. باوكیشم بۆیە ئەم بریارەیدا تاوەكو دایكم ناچار بكات ئەو پارەیەی داویەتی بە خاڵم لێیوەربگرێتەوەو بیداتە باوكم. بێگومان ئەو رۆژە لە (40) وەرەقە زیاترمان بۆ پەیدا نەبوو بۆ ئێوارە باوكم كە هاتەوە پێی گوتین تا یەك سەعاتی تر مۆڵەتتان دەدەم ئەگینا دەرتان دەكەم بەڕاستی نازانم باوكم بۆچی ئاوا سەری لێتكچوو بوو ئەو بڕیارە هەڵانەی دەدا نازانم بۆچی دانی بەهەڵەی خۆی دانەدەنا؟
دوای سەعاتەكە باوكم كەوتە لێدانی دایكم و زۆری لێیدا لەو كاتەدا تەنها من و روخۆشی خوشكم لەماڵ بووین نەوێراین هیچ بڵێین لەبەرامبەریدا، ئێمەش هیوای برام و خاڵەكانمان ئاگاداركردەوە وبەپەلە گەیشتنە ماڵەوە، هەر چۆنێك بێت بەشەڕو لێدان من و خوشكەكەم و دایكم لەگەڵ خاڵماندا رۆیشتین. بۆ بەیانییەكەی باوكم هات بۆ ماڵی خاڵم ئەوەی بەلامانەوە سەیر بوو ئەوە بوو كە باوكم داوای لێبوردنی لە خاڵم و دایكم كردو بە زمانی خۆش ئێمەی بردەوە بۆ ماڵەوە.
پلاندانانی باوكم
دوای ئەوەی كە هاتینەوە تا یەك هەفتەش باوكم تەواو گۆڕابوو نەمانزانی بۆچی ئاوا كتوپر باوكم گۆڕاوە ئێمە لە فێڵی تێنەگەیشتین كە باوكم چ پلانێكی بۆ داڕشتبووین، ئەو شەوە دوای ئێمە كە لەگەڵ برادەكانی دانیشتبوو بڕیاری سێ دەفتەرەكەیان هەڵوەشاندبۆوە كردبوویان بەو مەرجەی كە ئەو پیاوەی سێ دەفتەرەكەی بردبۆوە بێتە ماڵەوە دەستی خستە سەر هەر چیەك لەو ماڵەدا دەبێتە موڵكی خۆی، ئێوارەیەك باوكم زوو هاتە ماڵەوە و بە دایكمی گوت خۆت و كچەكانت ئەمڕۆ خۆتان جوان بگۆڕن چونكە میوانمان دێت و حەز دەكەم بەباشترین شێوە بتانبینن،باوكم پێی نەوتین كە فڵان كەسە ئەگەر وای بگوتایە ئێمە دەمانزانی چونكە ئەو پیاوە یەكەم هاوڕێی باوكم بوو!!!
لەدوای نان خواردنی ئێوارە هیوای برام گوتی رۆشنا با لەگەڵ رووخۆشدا بچین بۆ ماڵی خاڵم ئێمە رۆیشتین لەگەڵیدا هەرچەند دایكم گوتی میوانمان دێت ئێوە مەڕۆن بەڵام گوێمان پێنەدا هەر رۆیشتین، بەهەرحاڵ كاتێك میوانەكەمان هاتبوو دایكم بەلایەوە سەیربووە كە ئەمانە هاوڕێكانی باوكمن و هیچ پێویستی بە خۆ ئامادەكردن نەدەكرد، لەو كاتەدا كە دایكم خەریكی ئامادەكردنی میوە دەبێت برادەرەكەی باوكم دەچێتە چێشتخانەو دەڵێت بەڕاستی ژنێكی شۆخ و شەنگی گوناح نییە ژنی ئەم پیاوە قومارچییەت، دایكیشم بەپەلە بانگی باوكم دەكات و باوكیشم دەڵێت چییە ژنەكە بۆچی بانگم دەكەیت چی بووە؟ دایكم پێی دەڵێت ئەم پیاوە شتێكی وای گوتوە لەوەڵامدا برادەرەكەی باوكم دەڵێت با راستیەكەت پێی بڵێم تۆ لەجیاتی سێ دەفتەرەكە بویتە موڵكی من ئەگەر تەنها بۆ یەك سەعاتیش بێت؟ دایكیشم زۆر جنێو بە باوكم دەدات كە بۆچی ئەم فێڵەی لێكردووە باوكیشم بەدایكم دەڵێت ژنەكە تۆ قسەمەكە هەموو ئابڕووی من دەكڕیتەوە بەس تەنها ئەمشەو لەگەڵیدا بڕۆ بەیانی خۆم دێم بەشوێنتا، دایكیشم بەپەلە تەلەفۆنی بۆ ئێمە كرد بەراستی كاتێك گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە دایكم لەماڵەوە نەبوو، كە بەباوكمان گوت دایكمان لەكوێیە هیچ وەڵامێكی نەدایەوە. ئەوەی باوكم بەرامبەر بە دایكم كردی باوەڕناكەم دوژمنیش وابكات، دوای ئەوەی كە پەیوەندیمان بە دایكمەوە كرد پێی گوتین وەرن بۆ فڵان ماڵ كە چوین دایكم لەگەڵ ئەو خێزانەدا دانیشتبوو لێمان پرسی ئەمە چۆن بووە، یەكسەر بورهانی برادەرەكەی باوكم وەڵامی داینەوە گوتی من ئەمەم بۆیە كرد هەتا دایكتان لەچارەنوسێكی رەش رزگار بكەم من دەزانم كە چەند ژنێكی پاك وچاكە بەڵام باوكتان نیازی خراپە و چی لەژێر سەریدایە ئێستا باوكتان وادەزانێت كە من دایكتانم بردووە بۆ ئەوەی كاری ناشەرعی لەگەڵدا بكەم بەڵام بۆئەوە هێناومە دایكتان بەدووربگرم لەداوێن پیسی هاوڕێكانی چونكە ئەگەر من وام نەكردایە ئەوا بۆ شەوێكی تر ئەگەر بدۆڕایە دەیبرد بۆ یەكێكی تر لەبەرئەوەی وەعدی پێدابوو.
ئیتر ئەو شەوە ئاخر شەو بوو ئێمە جارێكی تر نەگەڕاینەوە بۆ ئەو ماڵەو بە تەواوی وازمان لە باوكمان هێنا و دایكم داوای تەڵاقی لە باوكم كرد بەڵام باوكم دایكمی تەڵاق نەدەدا هەردەیگوت دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە من ئەوەم لەبەر ئابڕووی خێزانەكەمان كردووەو ئاگام لەخۆم نەبووە، لەوە دەترساین شەوێكی تریش پارەیەكی خەیاڵی تر بدۆڕێنێت، من و رووخۆشی خوشكم بكەوینە داوەكەی باوكمەوە، چەندین جار لەسەر ئەو مەسەلانە باوكم و براكەم لێیان دەبوو بەشەڕ بەڵام هەموو ئەم شەڕانە بێسود بوو باوكم هات بۆ ماڵی خاڵم و زۆر پاڕایەوە كە بچینەوە بۆ لای و دایكم داوای تەڵاقی لێنەكات، هەموو ئەم پاڕانەوانەی بێ ئەنجام بوو دایكم هەرسور بوو لەسەر داواكەی خۆی تا لەئەنجامدا لەیەكتر جیابوونەوە.
ئێمە هەمیشە خەفەت بۆئەوە دەخۆین باوكم بەهۆی هاوڕێی خراپەوە چ پیاوێكی لێدەرچوو و چیشی بەسەر ئەو خێزانەدا هێنا و هەموومانی لەرووی دەرونییەوە لەناوبرد، ئێستاش روومان نایەت لەناو خەڵكدا باسی باوكمان بكەین چونكە ئەوەی باوكی ئێمە كردی لەبەرامبەرماندا باوەڕناكەم لەكۆمەڵگەدا خێزانێكی بەو چەشنە هەبێت، ئەوەندەی هەواڵی بزانین هەموو شەوێك بە بێ هۆشی دەچێتە ماڵەوە شەویش نییە كە قومار نەكات ئیتر یان دەیباتەوە یان دەیدۆڕێنێت، ئەو هاوڕێیەی فێریشی كرد ئێستا خۆی وازی لێهێناوە.
بەڕاستی كاتێك گوێبیستی ژیانی خێزانێك دەبین چەندین پرسیاری سەرسورهێنەرمان لەلا دروست دەبێت كە بۆچی خێزانێك لەسەر بنەماكانی خۆشەویستی و رێزگرتن دروست دەبێت و دواتر دەبێتە نمونەیەكی خراپ بۆ كەسانی تر؟ بەڵام ئەوەی گرنگە هەمیشە مرۆڤ دەبێت هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان و هاوڕێكان و كەسانی دەوروبەری خۆی بكات و بزانێت ئەو كەسانەی كە هاوڕێیەتیان دەكات لەچ ئاستێكدان، چونكە دواتر ئەوانە دەبنە خۆرەی خێزانێك و لەناوی دەبەن. لەم كۆمەڵگەیەدا نمونەگەلێكی لەو چەشنەمان هەیەو رۆژانە گوێبیستی دەبین، لەهەموو كردەیەكدا ئاستی رۆشنبیری رۆڵی خۆی دەبینێت، هاوكات هەموو مرۆڤێكیش شایانی هەڵەكردنە بەڵام گرنگە ژنیش تەواو هۆشیار بێت لەبەرامبەر هەر هەڵەیەك كە لەخێزانەكەیدا روودەدات و بتوانێت ژیرانە چارەسەری هەموو كێشەیەك بكات نەك لایەكی تربێت لەكێشەكان، بۆیە دەكرێت لەپێشدا رێگەچارەی گونجاوتر بدۆزینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان دواتر بڕیاری كۆتایی بدەین. لەهەموو حاڵەتەكاندا دوو هاوسەر لەیەكتر جیابوونەوە و سێ مناڵیش دوور دەبن لەسۆزو خۆشەویستی و پەروەردەیەكی دروست |
|
 |
|
|
|
|
دهنگ بده بهم ماڵپهره |
|
www.sarchil.page.tl
www.peywand.page.tl
|
|
|
 |
|
|
|
|