|
|
 |
ئەحلام كچە تاقانەی دایك و باوكی بوو واتە هیچ خوشكی تری نەبوو، بەڵام لە باوەژنەكەی واتە لە زڕدایكەكەی سێ برای هەبووە.
ئەم كچە زۆر بە نازداری بەخێو دەكرا هەر چەندە"محەمەد"ی باوكی پیاوێكی رەنجكێش و كاسب بوو خوا رۆژی دەكردەوە كرێكاری و كۆڵكێشی دەكرد تاكو ئێوارە بەڵكو نانی دوو ژن و چوار منداڵەكەی ئەگەر لە گەرووی شێریشدا بێت دەربهێنێ، هەموو رۆژێك محەمەد ئێواران دەهاتەوە عەلاگەیەكی پڕ دەكرد لە شتی خۆش و بەتام و دەیهێنایەوە بۆ ئەحلامی كچی ئیتر ئەم كچەش كە زانی باوكی بەو ئەندازەیە خۆشی دەوێت، ئیتر زۆر كەسایەتییەكی بە مەكرو بەنازی لێ دەرچوو، ئەوەی خۆی بیویستایە دەیكرد و حیسابی بۆ كەس نەدەكرد، قەتیش لە سزای باوكی نەدەترسا چونكە زۆر چاك تێگەیشتبوو باوكی دڵی نایەت ئازاری بدات، ئەحلام تەمەنی گەیشتە هەژدە ساڵ ئیتر دڵ و داوی پەیدا كرد... هەر چەندە ئەو نەدەچوو قوتابخانە چونكە هەر لەسەرەتاوە حەزی بە خوێندن نەدەكرد بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر زۆر دەچووە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بەتایبەتی دەچووە لای دوكانی زێڕنگرەكان و چەند پارچە ئاڵتوونی دەهێنا، و ماوەیەك بەقەد خۆیەوە دەكرد و پاشان دەیبردنەوە تا ئەوەی زۆربەی دووكانەكان ئەم كچەیان دەناسی.
كێشەی خێزانی
ئەحلام زۆر رقی لە فاتیمەی باوەژنی دەبووەوە و هەموو كات لەگەڵیدا بەشەڕ دەهات، هەمووشی لەبەر هەندێ بوو كە دایكی ئەحلام كە دەیدیت كچەكەی ئەوەندە بزێوە و هەمیشە جرت وفرتی بازاڕێتی و ئەم پارچە زێڕ دێنێ و ئەویتر دەباتەوە، چاوپۆشی لێ دەكرد، و بەكچەكەی دەگووت كچم دونیا یەك و دوو رۆژێكە و دەبڕێتەوە چیت پێ خۆشە بیكە، من لە ماڵی دونیا تۆم هەیە، هەر حیسابیش بۆ قسەی خەڵكی مەكە، ئەگەر ئەوسێ برایەشت واتە كوڕەكانی فاتیمە قسەیەكیان پێ گووتی وەرە شكات لای خۆم بكە بزانە چیان بەسەر دێنم، ئەوان براتن لە باوكەوە، هیچ عیلاقەیان بەسەرتەوە نییە، هەموو ئەم قسانەی دایكی ئەحلام وایان لەو كچە كردبوو لە چوونە دەرەوە و هاتنەوەدا حیساب بۆ هیچ كەسێك نەكات، و یەكپارچە ببێتە مرۆڤێكی بەرەڵا و سەرەڕۆ بەڵام هەرچی فاتیمە زڕدایكی بوو زۆر مرۆڤێكی عاقڵ و كەسایەتییەكی سەنگینی هەبوو، زۆر جار توڕە دەبوو لە ئەحلام و دەیگووت كچم ئەو بەڕەڵاییە هەتا سەر بۆ كەس نەبووە و دادی نەداوە تاكو دادی تۆ بدات ئاخر لەم گەڕەكەدا حەیامان چووە و خەڵكی لێوە قرتێ و گاڵتەمان پێ دەكەن باشە بۆچی كچم رۆژی دووجار دەچیە بازاڕ خۆ تۆ نە توجاری و نە دوكاندار، ئاخر خوا رۆژ ئەكاتەوە ئەو باوكە داماوەت بە ئارەقەی رەش و شین پارە پەیدا دەكات كەچی تۆش لە كون فەیەكونێكدا هەمووی دەكەیتە دەستی دوكاندار و تائێستاش هیچ شتێكی وات دیار نییە كە كڕیبێتت.
ئاخر خودا قەبووڵ ناكات كچم، ئەگەریش حەزت لە شووە خۆ عەیب نییە وەڵڵاهی لە بەیانی زووتر نییە پیاوێكت بەدڵی خۆت بۆ ئەدۆزمەوە بەڵام كچم ئەوەندە بۆ تۆ جوان نییە بچیتە دەرەوە و كەس نەزانێ بۆ كوێ دەڕۆی.
كە فاتیمەخان ئەم قسانەی كرد، یەكسەرە دایكی ئەحلام بەڕوویدا هەڵشاخی و گووتی: تۆ بە هیچ شێوەیەك بۆت نییە ئامۆژگاری كچی من بكەی، كچی من بە حەیا و بە شەرمە و جارێ پێویستی بە شووكردن نییە، فاتیمە زۆر شەرمە بۆ تۆ ئاوا قسە دەكەیت، ئەگەر خۆت دڵت بەمێردكردنەوە هەیە دەتوانی تەڵاقی خۆت وەرگری و شوویەكی تر بكەیتەوە، لە جیاتی ئەوەی ئامۆژگاری ئەحلامی كچم بكەیت، بڕۆ سەرو ژن بۆ كوڕە هیچ و پووچەكانی خۆت بهێنە، ئەی خودایە لە تۆ داوا دەكەم هەرسێ كوڕەكەی لەیەك كاتدا لەسەر تاتە شۆر بشوردرێنەوە ئا لەو ساتەدا فاتیمەخان گووتی: بۆچی دایكی ئەحلام ئەوەندە رقت لە كوڕەكانمە هەر لەبەر ئەوەی خۆت كوڕت نابێت، ئینشائەڵڵا بە حەسرەت كوڕێكەوە سەر دەنێیتەوە، ئا بەم شێوەیە شەڕ و ئاژاوەیەكی پیس و هەراو هوریاو قیژەیەكی زۆر كۆڵانەكەی داگرت.
شەڕ و ئاژاوە بەردەوام بوو تا لەناكاو محەمەد خۆی كرد بەژووردا ئەحلام بە گریانەوە، بەرەوڕووی باوكی رۆیشت، و گووتی بابە فاتیمە پێم دەڵێت حەزت لە شووە و تۆمەتم بۆ هەڵدەبەستێ، ئا لەوێدا محەمەد زۆر توڕە دەبێت و بە فاتیمە دەڵێت تۆ تەنیا شوانی كوڕەكانی خۆتی قەت رازی نابم وەك ژنێكی دڵ رەق مامەڵە لەگەڵ ئەم كچە بكەیت، ئەگەر ناخۆم دەزانم چۆن ماڵبەدەرت دەكەم دەرزی و داوێك لە زارت بدە و قسە مەكە تێگەیشتی؟!
ئەو رۆژەی ئەحلام تێیدا رفێنرا
دوای ئەوەی محەمەد بەو شێوەیە پشتگیری لە ئەحلام كرد و بە فاتیمەی گووت تۆ هەقت بەسەریەوە نییە، ئیتر ئەحلام بە یەكجاری لەدەست دەرچوو، هەر نەدەكەوتە ماڵ بەردەوام لە ماڵی ئەم برادەر و ئەو دەستەخوشك یان لە بازاڕ بوو تا ئەوەی رۆژێكیان "ئەحلام" بە جلێكی شیك و جوانەوە لەماڵ دەردەچێ ئەودەمەش دوای نیوەڕۆ دەبێت، ئەحلام بەناو كۆڵانێكدا دەڕوات كە هەمووی ماڵی دەوڵەمەند و راقیی و شیكە وەرزەكەش هاوین دەبێت و كەس بەدەرەوە نییە، لەناكاو تاكسییەك بەدوای دەكەوێت و دووكەس لە تاكسییەكە دادەبەزن و سەرودەمی دەگرن و فڕێی دەدەنە نێو تاكسییەكەوە و بەدەرمانێك كە دەیخەنە سەر لوتی بێهۆشی دەكەن دوای ئەوەی سەعاتە رێیەك لە جادەی گشتی دوور دەكەونەوە لادەدەنە چۆڵەوانییەك ئالەوێدا ئەحلام بەهۆش دێتەوە، دەست دەكاتە گریان و هاوار هاوار، خەڵكینە فریام كەوون ئەم ناپیاوانە خەریكن تەعەدام لێ دەكەن یەكێكیش لە پیاوەكان دەڵێت: چەندت پێ خۆشە هاوار بكە كەس دەنگت نابیستێ چونكە تۆ هەر ئەو كچە نیت كە بەردەوام لەبازاڕی و خۆت لەسەر یەك تەل دەڕازێنیتەوە شەرتبێت تاكو تاقەتمان لێت دەچێت وازت لێ نەهێنین، ئەحلامیش هاوار دەكات پێڵاوەكانتان ماچ دەكەم دەستان ماچ دەكەم بەس وازم لێ بێنن تۆبە بێ ئیتر ناچمە بازاڕ بمبەنەوە بۆ ماڵ كەچی پیاوەكان گاڵتەیان پێ دێت و بە زۆر و بە لێدان هەموو جل و بەرگەكان لەبەر دەكەنەوە، كاتیش هەموو نیو كاتژمێرێكی مابوو كە رۆژ ئاوابێت ئەو پیاوە ناپاكانە بە هەرسێكیان هەوڵیاندەدا دەستدرێژی سێكسی بكەنە سەر ئەحلام بەڵام ئەو هەر بەرگری دەكرد تا ئەوەی لە ناكاوێكدا هەرسێ پیاوەكە واق وڕما كە بینیان واشتێكی رەش لە دوورەوە بۆلایان دێت بە ئاژەڵ دەچێت و وەك دەعبایەكی رەش وایە یەكێكیان دەڵێت جنۆكەیە و ئەویتر دەڵێت یان شەیتانە یان خدری زیندەیە.
كە دێتە نزیكەوە دەبینن پیرەژنێكی بەساڵاچووی دەم و چاو چرچوولۆچە، بۆیە هەرسێ پیاوەكە زۆر دەترسن و تا پێیان دەكرێت رادەكەن بۆ سەیارەكە و هەڵدێن و ئەحلامیش بە رووتووقووتی لەو دەشتە و لەبەردەم پیرەژنەدا بەجێ دەهێڵن، ئا لەوێدا ئەحلام زۆر دەترسێ وا دەزانێ ئەو پیرەژنە خێو و جنۆكەیە بۆیە هاوار دەكات"خوایە،خوایە" پیرەژنەكەش یەكسەرە وەجواب دێت و دەڵێت رۆڵە مەترسە بەخوا من نە جنۆكەم و نە دیوەزمە، خوا كوڕەكانم بگرێت كە لە بەیانی زووەوە لەم دەشتە چۆڵەدا فڕێیانداوم ئەوان درۆیان لەگەڵمدا كرد گوتیان دەتبەین بۆ ماڵی خوشكەكەت كەچی لە رێگا قسەیان گۆڕی و كوڕە گەورەكەم گووتی باڵێرە فڕێی بدەین، بۆخۆی لە برسان دەمرێ و كەس نازانێ ئێمەش فڕێمانداوە، لای خەڵكیش دەڵێن دایكمان بزربووە، كچەكەم ئەوەتا هەر لە بەیانیەوە بەو چاوە كزۆڵانەمەوە دەگەڕێم.
بەڵكو ئەمە خوایە شوانێك رێبوارێك دەوارنشینێك تووشم بێت و رێگای ئاواەدانیم پێ نیشاندا، بەڵام خوا كردی ئالێرەدا تووشی ئێوە بووم دەهەڵسە كچم بابڕۆین ئا لەوساتەدا ئەحلام جلەكانی دەكاتە بەری و لەگەڵ پیرێژندا دێنە سەرجادە گشتییەكە لەوساتەنەدا ئۆتۆمبیلێك لە راهی خودا سواریان دەكات، كابرای شۆفێر زۆر دەترسێ لەوەی ئەو دوو ئافرەتە بەو شەوە تارە چی دەكەن لەو چۆڵەوانییە، بەڵام پیرەژنەكە ماڵ و مەسەلەی بۆ دەگێڕێتەوە كابرای شۆفێریش قەناعەت دێنێ و پیرەژنەكە لە ناو شار دادەبەزێنێ و ئەحلامیش دەباتە پێش دەرگای خۆیان
بە دووگیان مێردی كرد!!
ئەحلام دوای ئەم بەسەرهاتە تاڵە هەر پەند و ئەزموونی وەرنەگرت تا ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێكی ئارەقخۆردا بەست ئەم كوڕەش هیوایەتی هەر خواردنەوەی مەشروبات و رابواردن بوو باوكی دوو ژنی هێنابوو ژنێكیان لە سوریا و ئەمەی تریشیان لە عێراق بوو واتە دایكی ئەم كوڕەی كە ناوی "عابید" بوو لە سوریا دەژیا و زڕدایكەكەشی لە عێراق ئەوەبوو عابیدی ناپاك بە قسەی خۆش و پارەو جووتێ گوارەی زێڕ ئەحلامی دەستەمۆكردبوو وە بەڵێنیشی پێدابوو كە دێتە داخوازی بەڵام درۆی لەگەڵدا دەكرد ئەوەبوو ئەحلام هەر بەدەستی ئەم كوڕە شەیتانە فریوی خوارد و كچێنی خۆی پێ دۆڕاند..
پاشان بەهۆی هەڕەشەكانی براكانی ئەحلام عابید رای كرد بۆ سوریا و ئیتر نەهاتەوە محەمەد باوكی ئەحالم زانی كە كچەكەی كاری وای كردووە، بەڵام لەبەر خۆشەویستی چاوپۆشی لێكرد ئەوە بوو دوای سێ مانگ رۆژێكیان ئەحلام و دایكی دەچنە لای دكتۆر لە ئەنجامی پشكنیندا دەردەكەوێ كە ئەحلام دووگیانە ئیتر دایك و باوكی ئەحلام هۆڵیان لێ دێت لەوەی كە حەیاو ئابڕۆیان دەچێت، یان دەبێت منداڵەكەی لەناو ببات یاخود بە زووترین كات بدرێت بە پێاوێك تاكوو ئابڕۆچوونەكەی پەردەپۆش بكرێت، ئەوە بوو محەمەدی باوكی ئەحلام كوڕێكی خزمی خۆی دۆزییەوە كە زۆر فەقیر و هەژار بوو لە رووی ماددیەوە هەروەها هەندێكیش گێلەوارەبوو زۆر شتی لێك نەدەدایەوە، ئەوە بوو ئەحلامی دا بە و كوڕە و هاوسەرگیریان پێك هێنا.
لەگەڵ ئەوەشدا هەم كوڕە و هەم ماڵە خەزوران ئەحلام دەیانزانی كە ئەحلام وەختی خۆی شتێكی وای لێ قەوماوە ئیتر بەم شێوەیە هەموو پێنج مانگی نەبرد، سەر لە بەیانییەكی زوو ئەحلام منداڵەكەی بوو بەڵام بۆ ئەوەی فێڵ و چاوبەستە لە خەڵكی بكەن، مێردەكەی ئەحلام كە ناوی "موهەنەد" بوو منداڵەكەی بردە بەردەم مزگەوتێك كە وەختی نوێژی بەیانی بوو، كە نوێژ خوێنەكان هاتنە دەرەوە موهەند گووتی خەڵكینە موسڵمانان من ئەم منداڵەم لەبەردەم دەرگای مزگەوت دۆزیوەتەوە لەبەرخاتری خودا دەیبەمەوە بۆماڵ با ژنەكەم بەخێوی بكات، ئەوەبوو لە ناوخەڵكدا بڵاو بۆوە كە موهەنەد منداڵێكی بیژی دۆزیوەتەوە، ئیتر بەم شێوەیە هیچ كەس گومانی تری لێ نەكردن، بەڵكو ئەحلام لەگەڵ مێردەكەیدا دەستیان بە ژیانی ئاسایی خۆیان كرد و ئەو منداڵەشیان بە جوانترین شێوە پەروەردە كرد، بەڵام ئەحلام هەمیشە خۆی بە چاوشۆڕی مێردەكەی دەزانێ بۆ ئەوكارە چاكەی لەگەڵیدا كردی.
توێژەری كۆمەڵایەتی چی دەڵێت:
سەبارەت بەم رووداوە خاتوو هەڵەز محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی... لە خوێندنەوەیەكی تایبەتیخۆیدا ئاوا شرۆڤەی ئەم بەسەرهاتەی بۆ كردین.
گومانی تێدا نییە كە پرۆسەی پەروەردە وپێگەیاندن لە ناو خێزاندا گرنگترین فاكتەرە بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەكی باش و دروست ئەوەی لەم رووداوەدا من دەیبینم پەروەردەی دروست لەناو ئەو خێزانەدا بوەتە قوربانی نازهەڵگرتنێكی بێ سنووری ئەو كچەی ناوی ئەحلامە، لێرەشدا باش ئەو راستییە بە دەرەدەكەوێ كە بایەخدانی باوكی ئەحلام بە كچەكەی گەورەترین فاكتەربوو بۆ لەرێ لابردنی ئەحلام چونكە ئەو كچە وای هەست دەكرد مادام باوكی لەپشتێتی ئەوا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە كەوابێ ئەو ترسی لە دەرئەنجامی رەفتارەكانی خۆی نەبوو هەر ئەم فاكتەرەش بوو كەوای كردبوو كە ئەحلام دەست بۆ هەموو پشكۆی ئاگرێك بەرێت و لە هیچ سزاو لێپرسینەوەیەكیش باكی نەبێ.
یەكێكی تر لە هەڵە زەقەكانی باوكی ئەحلام هێنانی دووژن بوو لە حاڵێكدا ئەو پیاوە كرێكاری دەكرد وەزعی دارای باش نەبوو نەدەبوایە بە هەر بیانوویەكەوە بێت دوو ژن بهێنێت لەوەش هەڵەتر دانانی ئەو دووژنە بوو لەیەك خانوویەكدا كە ئەوە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوەكانی ناو خێزانەكە بووە، پاشان لە جیاتی ئەوەی باوكی ئەحلام فاتیمەی زڕدایكی بەو قسانە دمكوتكردایە دەبوایە لە هەقیقەتی مەسەلەكەی بكۆڵیبایەوە تاكو بزانێ ئایە ئەوە راستە كە ئەحلام لە غیابی باوكیدا سەرەڕۆیانە بە كوێدا بیەوێ دەڕوات، بەڵام باوكی ئەحلام كاتێ بە فاتیمەخانی گووت تۆ هیچ پەیوەندیت بە ئەحلامەوە نییە ئاڵەوێدا ئەحلام فرسەتێكی تری وەرگرت، بۆیە ئەوەی زیاتر بەردەوام بێت لەسەر چوونە دەرەوەكانی و گوێنەدانی بە هیچ شتێك.
دواتر ئەم ئەحلامە كەی رەوابوو هەروا بە تەنیا رۆژی دووجاران بچێتە بازاڕ و پەیوەندی لەگەڵ خاوەن دووكانی زێڕنگرەكاندا ببەستێ و هەر رۆژە و پارچە زێڕێك بهێنێتە ماڵەوە بێ ئەوەی كەسێك لێی بپرسێ ئەو زێڕانەی لە كوێ بوو بەرامبەر بەچی دوكانداران ئەم زێڕانەی دەدەنێ.
ئەو بەسەرهاتەی بەسەر ئەحلامدا هات بەسەر هەركچێكی تردا بهاتابایە دەبووایە پەند و ئامۆژگاری وەرگرتبایە بەڵام ئەحلام چونكە هەرزەكارێكی سەرەڕۆ و دڵگەرم بوو، دیسانەوە بە عاتیفە و دوور لە مەنتیقی عەقڵ و ئاوەز بیری كردەوە و ئەمجارەیان بەدەستی خۆی قۆرتێكی بۆ خۆی و بۆ لەناوبردنی دوای رۆژی خۆی هەڵكەند، و ئەویش بوو بەدوای كوڕێكی ناپاكەوە كە دوای ئەوەی كچێنی خۆی لای ئەم كوڕە دانا و دووگیان بوو لێی ئینجا زانی كە ئەم كوڕەش خائینە و فڵێی لێ كردووە، بەڵام هەرچی ئەو پیاوە بوو كە چاوپۆشی لەداوێن پیسییەكەی ئەحلام كرد تا بڵێی مرۆڤێكی بەخشندە و میهرەبان بوو بۆیە منیش دەڵێم ئەحلام تا ئەو رۆژەی دەمرێ قەرزار و شەرمەزاری چاكەی پیاوەكەیەتی چونكە گەر هەر پیاوێكی تر بووایە نەیدەتوانی ئەو دیفاكتۆ تاڵە قەبووڵ بكات و كارەساتێكی گەورەی بەسەر ئەحلامدا دەهێنا. |
|
 |
|
|
|
|
دهنگ بده بهم ماڵپهره |
|
www.sarchil.page.tl
www.peywand.page.tl
|
|
|
 |
|
|
|
|