|
|
 |
دكتۆرێكی خیانەتكار
دوای ئەو مشت ومڕە حەنانی بەستەزمان بارگەی خۆی بەرەوماڵی خوشكەكەی پێچایەوە. حاشای لە جەمالی برای كرد، سەبیحەی خوشكی زۆر دڵی بۆی دەسووتا و هەموو جار دەیگوت حەنان گیان، سەد لەعنەت لە برای خراپی ئەم زەمانە. دەبینی چۆن لەبەر خاتری ژنەكەی حاشا لە خوشك و دایك و باوكی خۆی دەكات. بە هەرحاڵ حەنان گیان گەر ئێستا دایك و باوكمان لە ژیاندا بوونایە. قەت ئەو برایەمان نەیدەتوانی ئاوا یاری بەچارەنووسمان بكات. بەڵام دڵنیابە خوشكەكەم تا خوێن لە جەستەمدا هاتووچۆ بكات، ناهێڵم لەم ماڵە بچیتە دەرەوە و ماڵ ماڵی خۆتە. هەتا ئەو رۆژەی چانس و بەختت هەڵدەستێ مێرد دەكەی پێڵاوەكانت دەخەمە سەر سەرم. ئا بەم شێوەیە حەنان لەماڵە خوشكیدا ئارام و بەختەوەر دەژیا. بەڵام قەدەر وایهێنا تووشی ریخەڵۆكە كوێرەبوو. ئەوەبوو هەر بە پەلە گەیاندیانە نەخۆشخانە. كە ئەو دەمە ئەو دكتۆرە میسرییە كە ناوی "فەرید فاروق" بوو نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدا. هەر دوای نەشتەرگەرییەكەش ناوبراو گوتبووی پاش پازدە رۆژی تر ئەم كچە بهێننەوە بۆ لام، نەوەك ئیلتیهاباتی هەبێ تاكو دەوای بۆ بنووسم. ئالێرەوە سەبیجەی خوشكی حەنان لە زاری خۆیەوە رووداوەكە دەگێڕێتەوە، دوای ئەوەی پازدە رۆژ تێپەڕی بەسەر نەشتەرگەرییەكەی حەناندا..ئەو كچە هیچ عەیبێكی نەمابوو زۆر لە جاران رەنگی جوانتر ببوەوە، بە رووی ژیاندا پێدەكەنی، بەڵام هەر بۆ دڵنیایی دەروونی خۆم لەسەر قسەی ئەو دكتۆرە جارێكی تر حەنانی خوشكم بردەوە لای. چووینە عیادەكەی چەند كەسێك لە پێشمانەوە بوو كات هەمووی نیو كاتژمێر مابوو رۆژئاوا ببێت سەرەمان بەركەوت و چووینە ژوورەوە، بەڵام ئەو دكتۆرە ناپیاوە یەكسەر بە منی گووت تۆ چی ئەم نەخۆشەی منیش گوتم، خوشكی گەورەی ئەوم. گوتی زەحمەت نەبێ تاوێك بچۆ دەرەوە تاكو فەحسێكی حەنان بكەم و دواتر خۆم بانگت دەكەمە ژوورەوە. سەبیحە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: من هاتمە دەرەوە، نزیكەی سێ چارەگە كاتژمێر چاوەڕێم كرد ئەو دكتۆرە هەر بانگی نەكردم. ناچار زۆرتوڕە بووم لە سكرتێرەكەی كە ئەویش ئافرەتێك بوو، گوتم خاتوون فەحسێك ئەوەندەی بۆچییە، ئەو هەموو كاتە ماندووبووم ئەوەندە چاوەڕێ بكەم. بەڵام سكرتێرەی ئەو دكتۆرە وەك بیەوێ هێنمنم كاتەوە گووتی خوشكم هەر ئافرەتێك كە دەچێتە ژوورەوە ئەوەندەی هەرپێدەچێ. ئەم دكتۆرە زۆر بە جوانی هەموو لەشی نەخۆش دەپشكنێ و بەڕێی دەكات. سەبیحە خان دەڵێت كە ئەو قسەیەی كرد ترسێك هەموو لەشی داگرتم و یەكسەر ملم نایە دەرگای دكتۆرەكە و دەرگاكەم كردەوە. سەیرم كرد حەنانی خوشكم لەسەر پشت راكشاوە و ئەو ناپیاوەش بەدیارییەوەیەتی.كە لە حەنان نزیك بوومەوە سەیرم كرد وا تەواوی جەستەی دەلەرزێ و چاوەكانی قورسبوونە، یەكسەرە گووتم دكتۆر ئەوە چییە؟ حەنانی خوشكم بۆ وای بەسەر هاتووە؟ گوتی هیچ نییە، ئەوە زەختی دابەزیوە گووتم بۆچی خۆ ئەو سەعاتێ پێش ئێستا عەیبی نەبوو، گووتی خوشكم من دكتۆرم قابیلە درۆ بكەم. ئا لەو ساتەدا حەنان وە قسەهات و گووتی دادە سەبیحە، من ماوەی چەندە لێرەم ها! من بۆچی بێهۆش بووم نازانم بۆچی ناو لەشم ئازاری هەیە. ئا لەوێدا دكتۆرەكە بۆ فریودانمان گووتی كچم هیچ عەیبت نییە و هەستە بچۆرەوە ماڵەوە پاش دوو مانگی تر سەرێكم لێبدە ئەگەر پێویستی كرد، سەبیحە خان دەڵێت بە گومانێكی زۆرەوە من و حەنان عیادەكەیمان جێهێشت و هاتینەوە ماڵ. لەماڵ حەنان لەناكاوێكدا دەستی كردە گریان. گوتم كچێ ئەوە چییە بۆ دەگری؟ گوتی پڕوشكی خوێن بە لەشمەوەیە. دەترسم ئەو دكتۆرە شتێكی لێكردبم. منیش دڵم دایەوە و گووتم كچێ بوختان مەكە ئەو دكتۆرە چۆن كاری وا دەكات ئەو لەجێی بابتە كچێ ئەو خوێنە لەوانەیە سوڕی مانگانە بێت و هیچی تر. ئا بەم چەشنە هەمووی چل رۆژی پێ نەچوو، حەنانی خوشكم تووشی ژانە سك و رشانەوەبوو، ئیتر منیش لەگەڵ حەناندا چووینەوە لای ئەو دكتۆرە واتە "فەرید" ئەمجارەیان كە فەحسی كرد و پاشان سۆناری بۆی كرد و گووتی ئەم ئافرەتە دوو گیانە، لەو كاتەدا خۆی لە گێلی دا و گووتی كچم چەند دەبێ شووت كردووە، ئا لەوێدا حەنان دەستی كرد بەگریان و گوتی سوێند بەخوا من لەگەڵ هیچ كەسدا كاری خراپم نەكردووە، ئەی بۆچی دوو گیانم، منیش هەر ئەوكات نەمكردە نامەردی تفێكم كردە ناوچاوی دكتۆرەكە و گووتم هەی سەگبابی داوێن پیس، ئەمە هەر كاری خۆتە و پاشان دەتەوێ خوشكەكەشم تاوانبار بكەیت، وەعدبێ شكایەتت لێ بكەم تاكو هەڵتواسن و ئیعدامت بكەن.بەڵام لەبەر حەیا و شەڕەفی خێزانەكەمان وازم لەو شكایەتە هێناو كەوتمە هەوڵدان بۆ لەباربردنی منداڵەكە لە سكی حەناندا، ئەوەبوو بە پارەیەكی زۆر و بەهۆی دكتۆرەیەكی ئافرەتەوە كارەكەمان سەری گرت و حەنان منداڵەكەی لەبار خۆی برد و رزگاری بوو لە دوو گیانی، بەڵام ئەوەی مایەی خەفەتبوو كە ئەو خوشكە نەگبەتەم كچێنی لە دەستدابوو.
بەڵام خودا دەرگای بەزەیی و میهرەبانی خۆی لێكردەوە و لە تەمەنی 25 ساڵیدا مێردی بە كوڕێكی باش و بەڕەوشت كرد، بەڵام ئەو راستییەمان لێ شاردەوە كە حامیلەبووە بەڵكو گوتمان لەكاتی خۆیدا براكەی بە پێلەقە لێیداوە و پەردەی كچێنی نەماوە. ئەو پیاوەش زۆری لا ئاسایی بوو ئەوە بوو دوای دوو ساڵ منداڵێكی كوڕیانبوو ناویان لێنا "عەلی".
سەبیحە خان دەڵێت: رۆژێكیان بەسەردان چوومە ماڵی حەنانی خوشكم كە مێردەكەی لەماڵدا نەبوو دوای ئەوەی نزیكەی دوو كاتژمێر پێكەوە دانیشتین. ئێوارە مێردەكەی هاتەوە، گووتی ئەم ئێوارە لەكاتی هاتنەوەمدا قەرەباڵغیەكی زۆرم بینی لە شەقامی پزیشكان كە چوومە پێشەوە بزانم چییە، خەڵكی گوتیان دكتۆرێكی میسری كە ناوی "فەرید"ە لەنێو عەیادەكەی خۆیدا دراوەتە بەرچەقۆ. ئەویش لەسەر ئەوەبووە كەدەستدرێژی كردۆتەسەر ژنێك و پیاوەكەشی نەیكردۆتە نامەردی سێ چەقۆی لێداوەو كوشتوویەتی. ئا لەو ساتەدا سەبیحەخان دەڵێت: فرمێسكی شادی بە چاوەكانمدا هاتنە خوار و لە دڵی خۆمدا گوتم خودایە چەند كارت جوانە. خۆ ئێمەی بێكەس نەماندەزانی تۆڵەی لێبكەینەوە، ئەوا ئەمڕۆكە بە هەقی خۆی گەیشت ئەو داوێن پیسە.
ئاخۆ دەبێ چەند ئافرەتی تری لە چەشنی حەنانی دوو گیان كردبێ و دەست درێژی كردبێتە سەر نامووس و شەڕەفیان، سەد لەعنەتت لێبێت ئەی دكتۆر "فەرید"ی داوێن پیسی خیانەتكار |
|
 |
|
|
|
|
دهنگ بده بهم ماڵپهره |
|
www.sarchil.page.tl
www.peywand.page.tl
|
|
|
 |
|
|
|
|